دوا بڵاوكراوه‌

گزیکردن (قۆپیەكردن) لە تاقیکردنەوەکاندا – دەروونناس: سامان سیوەیلی

له‌لایه‌نmhamad



گزیکردن وەک ڕەفتار و وەک دیاردە لە زۆرێک لە کایەکانی ژیانی کۆمەڵگەکاندا بوونی هەیە، کایەکانی (سیاسی، کارگێڕی، بازرگانی، پێشبڕکێ وەرزشییەکان، خوێندن و … تد). ئەوەی مەبەستە لێرەدا باسی لێوە بکەین گزیکردنە لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا لەلایەن قوتابیان و خوێندکارانەوە.
هەمیشە لەسەروبەندی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکاندا (وەرزی یان کۆتایی ساڵ) کارگێڕی قوتابخانە و مامۆستایان خۆیان بەجۆرێک ئامادە دەکەن کە ڕێگری بکەن لە ڕوودانی هەر جۆرە ڕەفتارێکی نەشیاو لەلایەن قوتابیان و خوێندکارانەوە کە کاریگەری دروست بکات لەسەر ئەنجامە بەدەستهاتووەکان (نمرەی قوتابیان)، بەجۆرێک دەخوازن ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان وەک هەڵسەنگاندنێک ئاستی قوتابیان دیاری بکات بێئەوەی قوتابیەکە بەخراپ کەڵک لەهەر شێوازێکی تر وەربگرێت جگە لە هەوڵ و کۆششەکانی خۆی.
دیاردەی گزیکردن ( قۆپیەکردن) – (Gheating) لە تاقیکردنەوەکاندا، دیاردەیەکی تائەندازەیەک باوە و لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا بوونی هەیە بەڵام بەڕادەی جیاواز.
گزیکردن ئاماژەیە بۆ بوونی ڕەفتاری نائاسایی یاخود لادەر لای ئەنجامدەرانی، ڕەفتارێکی نادروستە بەمەبەستی شێواندنی واقع، بەئامانجی بەدەستهێنانی دەستکەوتێک.
لەڕووی ئاکاریەوە گزیکردن لەڕیزی (درۆ، دزی، دووڕوویی، خەڵەتاندن) دادەنرێت. ئەو کەسانەی کە گزی دەکەن پشتدەبەستن بە توانا و کۆششەکانی ئەوانی دیکە، یاخود پشت بە هەندێ شێوازی نادروست و ناپەسەند دەبەستن، بەڵام پشت بەخۆیان نابەستن، بڕوایان بە تواناکانی خۆیان نیە، کەمتەرخەم و سستن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرشانیان.
گزیکردن یان هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی گزی لەنێوان قوتابیان و خوێندکارانی ئاساییدا بوونی هەیە لە هەموو قۆناغەکاندا بە زانکۆشەوە، هەروەها لەنێوان ئەو قوتابی و خوێندکارانەشدا بوونی هەیە کە لە ئاستێکی زیرەکی بەرزدان، هەروەک لەنێو ئەوانەشدا هەیە کە سستن لە فێربووندا، لە هەردوو ڕەگەزیشدا بوونی هەیە. هەر لەم ڕوانگەیەوە دیاردەی گزیکردن بەیەکێک لەهەرە ئەو گرفتە قورسانە دادەنرێت کە بەرۆکی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەگرێت.
گزیکردن لە تاقیکردنەوەکاندا: بریتییە لە ئەنجامدانی هەر هەوڵێک بەشێوازێکی نادروست و ڕێگەپێنەدراو (سەرکەوتوو بێت هەوڵەکە یان نا) بەمەبەستی دەستکەوتنی وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە لە تاقیکردنەوەکاندا بۆ قوتابیان و خوێندکاران ئامادەکراوە لەلایەن مامۆستایانەوە. کە دەڵێین شێوازی نادروست مەبەست لەهەموو ئەو شێوازایانە کە سستمی پەروەردە بە یاسا و ڕێنمایی قەدەغەی کردوون و ڕێکاری تایبەتی لەبەرامبەر دانراوە وەک سزا.
——————–
شێوازەکانی گزیکردن لە تاقیکردنەوەکاندا:
ئەو قوتابی و خوێندکارانەی هەوڵی گزی دەدەن لە تاقیکردنەوەکاندا، پەنا بۆ چەندین شێواز و ڕێگە دەبەن، گرنگترین و باوترینیان ئەم شێوازانەیە:
١- وەرگرتن و گواستنەوەی وەڵام لە هاوڕێیەک کە لەنزیکییەوە دانیشتووە لە هۆڵی تاقیکردنەوەدا، ئەم حاڵەتە زیاتر لەو کاتانەدا ڕوودەدات کە هۆڵی تاقیکردنەوەکان ژمارەیەکی زۆر قوتابی تێدابێت. (چارەسەری ئەم حاڵەتە بەوە دەکرێت هەتا بکرێت ماوەی گونجاو هەبێت لەنێوان کورسی دانیشتنی قوتابیان و خوێندکاراندا لە شوێنی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکاندا، چاودێرەکانیش وریا بن لە چاودێری کردندا)
٢- گواستنەوەی وەڵامەکان لە کتێب یان پەڕاو و یان مەلزەمەی ئەو مادەیەی کە تاقیکردنەوەی تێدا دەکرێت، ئەمەش لەڕێی کردنەوەی کتێب یان پەڕاو یان مەلزەمەکە، یان بەئاگاداری چاودێری هۆڵی تاقیکردنەوەکە یان بەبێ ئاگاداری چاودێرەکە. ئەم حاڵەتە لە تاقیکردنەوەی مانگانەدا بوونی هەیە، (چارەسەری ئەم حاڵەتە بەوە دەکرێت کە دانانی کتێب و پەڕاو و مەلزەمە لەژێر دەست یان ژێر کورسی و بەردەم و تەنیشتی شوێنی دانیشتنی قوتابی و خوێندکار لە هۆڵی تاقکردنەوەکاندا قەدەغە بکرێت).
٣- بەکارهێنانی تیانووسی بچوک کە زانیاری تێدا دەنوسرێت و لەلایەن قوتابیان و خوێندکارانەوە ئامادە دەکرێت و لە هەلی گونجاودا قوتابی و خوێندکار دەریدەهێنن و زانیاریەکان دەگوازنەوە، بەتایبەتی ئەو کاتانەی کە چاودێر سەرقاڵ دەبێت بە کەسێکەوە و یان کەمتەرخەمی بنوێنێت بەهەر شێوازێک بێت. (چارەسەری ئەم حاڵەتە دەکەوێتە ئەستۆی چاودێرەوە کە دەبێت کەمتەرخەم نەبێت و هیچ بۆشاییەک نەدات بەدەستەوە لەلایەن قوتابیان و خوێندکارانەوە بەخراپ کەڵکی لێوەربگیرێت).
٤- نووسین لەسەر ئەو کورسیانەی قوتابی و خوێندکار لەسەری دادەنیشن، یان لەسەر دیواری تەنیشت شوێنی دانیشتنەکە، ئەم حاڵەتە زیاتر بۆ پۆلە ناکۆتاکانە و لە تاقیکردنەوەی مانگانەدا پەنای بۆ دەبرێت. (چارەسەری ئەم حاڵەتە بەوە دەکرێت کە چاودێران لەکاتی گەڕانیاندا بەناو قوتابیان و خوێندکاراندا چاودێری بوونی هەر نووسینێک بکەن کە لەسەر مێزەکان یان دیوارەکان نووسرابێت).
٥- نووسین لەسەر (دەستەسڕ، ڕاستە و هەر کەلوپەلێک) کە قوتابی یان خوێندکارەکە لەگەڵ خۆی دەیهێنێت بۆ هۆڵی تاقیکردنەوە. (چارەسەری ئەم حاڵەتە بە چاودێری وردی چاودێرەکە دەکرێت).
٦- نووسین لەسەر دەست و قۆڵ و قاچ یان لەسەر جلوبەرگ و پێڵاو. (چارەسەری ئەم حاڵەتە بە چاودێری وردی چاودێرەکە دەکرێت).
٧- گواستنەوەی وەڵام لەڕێی قسەکردن و هێما و ئاماژەی نێوان قوتابیان و خوێندکاران کەهەندێجار ڕێکەوتنی پێشوەختی لەسەر دەکرێت لەنێوان قوتابیان و خوێندکاراندا، بەتایبەتی بۆ ئەو پرسیارانەی کە وەڵامەکانیان بە ڕاست یان هەڵەیە، یاخود ئەو پرسیارانەی وەڵامەکانیان بە هەڵبژاردنی وەڵامێکە لەنێوان سێ یان چوار بژاردەدا. (چارەسەری ئەم حاڵەتە بە دابەشکردنێکی گونجاوی شوێنی دانیشتنی قوتابیان و خوێندکاران و چاودێری وردی چاودێرەکە دەکرێت).
٨- گواستنەوەی وەڵامەکان لەڕێی گۆڕینەوەی تیانووسی پرسیارەکان یان تیانووسی وەڵامەکان، کە قوتابیەک یان خوێندکارێک وەڵامەکان لەسەر یەکێک لەو تیانووسانە دەنووسێت و بەهەر هەوڵێک بێت لەگەڵ هاوڕێیەکیدا دەیگۆڕێتەوە. (چارەسەری ئەم حاڵەتە بە چاودێری وردی چاودێرەکە دەکرێت).
٩- دەستکەوتن و گواستنەوەی وەڵامەکان لەڕێی هەر ئامێرێکی لاسلکیەوە بێت کە لەدەرەوەی هۆڵی تاقیکردنەوەکانەوە هاوکاری قوتابی یان خوێندکار بکرێت. (چارەسەری ئەم حاڵەتە بەدانانی ئامێری تایبەتەوە دەکرێت کە ڕێگری لەم کارە بکات، هەروەها چاودێری وردی چاودێرەکان).
١٠- ئامادەکردنی تیانووسی وەڵامەکان لەلایەن قوتابی و خوێندکارەوە کە پێشتر قوتابی یان خوێندکار چەندین زانیاری لەسەر تیانووسێک ئامادەکردووە و زانیاریەکانی بە کاڵی لەسەر نووسیوە و لەکاتی تاقیکردنەوەدا کەڵکی لێدەبینێت. ئەم حاڵەتە لە تاقیکردنەوەی مانگانەدا ئەگەری ڕوودانی هەیە. (بۆ ڕێگەگرتن لەم حاڵەتە دەبێت کارگێڕی قوتابخانە بۆ تاقیکردنەوەی مانگانە تیانووسی تاقیکردنەوە ئامادە بکەن و هەموو تیانووسێک مۆری قوتابخانەی لێبدرێت، واتە نابێت قوتابی و خوێندکار تیانووسی خۆیان بەکاربهێنن).
١١- چاودێرانی هۆڵی تاقیکردنەوەکان (مامۆستایان) خۆیان وەڵامی پرسیارەکان بە قوتابیان و خوێندکاران بڵێنەوە، یاخود ببنە گەیەنەرێک بۆ گواستنەوەی وەڵامە ڕاستەکان لەنێوان قوتابیان و خوێندکاراندا. (بۆ ڕێگەگرتن لەم حاڵەتە هۆشیارکردنەوەی مامۆستایان لەوەی لانەدەن لەو پەیامە پەروەردەییەی لە ئەستۆیاندایە و تێگەیاندنیان لەوەی کە ئەم ڕەفتارانەش دەچنە خانەی گزیکردنەوە، لەکاتی بوونی بەڵگەی پێویستیش لەسەر ئەم ڕەفتارانە پێویستە سزای مامۆستای چاودێر بدرێت)
١٢- دانانی ئاماژەیەکی دیاریکراو لەسەر پەڕاو یان تیانووسی وەڵامەکان لەلایەن قوتابی یان خوێندکارەوە بۆ مامۆستای مادەکە، ئەگەر پێشتر ڕێکەوتن کرابێت لەنێوان مامۆستا و قوتابی یان خوێندکارەکە، بەتایبەتی لەو تاقیکردنەوانەدا کە ناوی قوتابی یان خوێندکارەکە دادەپۆشرێت. (ئەگەرچی ئەم حاڵەتە بەدەگمەن ئاشکرا دەبێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ڕێگەگرتن لەم حاڵەتە هۆشیارکردنەوەی مامۆستایان لەوەی لانەدەن لەو پەیامە پەروەردەییەی لە ئەستۆیاندایە و تێگەیاندنیان لەوەی کە ئەم ڕەفتارانەش دەچنە خانەی گزیکردنەوە، لەکاتی بوونی بەڵگەی پێویستیش لەسەر ئەم ڕەفتارانە پێویستە سزای مامۆستای چاودێر بدرێت)
١٣- نەرمی نواندنی مامۆستای چاودێر بەرامبەر ئەو حاڵەتانەی گزیکردن کە دەیبینێت، یاخود هەوڵەکانی قوتابی و خوێندکار بۆ گزیکردن لەناو هۆڵی تاقیکردنەوەدا. (بۆ ڕێگەگرتن لەم حاڵەتە هۆشیارکردنەوەی مامۆستایان لەوەی لانەدەن لەو پەیامە پەروەردەییەی لە ئەستۆیاندایە و تێگەیاندنیان لەوەی کە ئەم ڕەفتارانەش دەچنە خانەی گزیکردنەوە، لەکاتی بوونی بەڵگەی پێویستیش لەسەر ئەم ڕەفتارانە پێویستە سزای مامۆستای چاودێر بدرێت)
ئەو شێوازانە گرنگترین شێوازی باو و ناسراون لەلای ئەو قوتابی و خوێندکارانەی پەنا بۆ گزیکردن دەبەن لە تاقیکردنەوەکاندا، بەڵام ئەمجۆرە قوتابی و خوێندکارانە بەهۆی ئەو ئەزموونانەی پەیدایان کردووە لەبواری گزیکردندا، بەبەردەوامی هەوڵی بەدەستهێنانی شێوازی نوێ دەدەن یاخود هەوڵدەدەن سوود لە ئەزموونی هاوشێوەکانیان وەربگرن بۆ ئەوەی دووربن لە هەر مەترسیەکی شکست خواردن لە هەوڵەکانیاندا یاخود ئاشکرابوون. ئەو خاڵانەی ئاماژەمان پێدان پێمان دەڵێن هەندێجار ئەگەر دەبێت مامۆستایانیش لەم پرۆسەیەوە تێوەبگلێن کە ئەمەش، کاریگەری نەرێنی گەورە دروست دەکات لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن و هەر مامۆستایەک بەیەکێک لەو شێوانە تێوەبگلێت ئەوا نەک هەر بە گزیکردن هەژمار دەکرێت بەڵکو دەچێتە خانەی گەندەڵیشەوە.
———————–
ئەو ڕەفتارانەی ئاماژەن بۆ هەوڵی گزیکردن لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا:
دەکرێت چەندین ڕەفتار یان هەڵسوکەوت کە لەلایەن قوتابیان و خوێندکارانەوە ئەنجام دەدرێن وەک ئاماژە هەژمار بکرێت لەبواری هەوڵەکانی گزیکردندا، بۆیە دەبێت چاودێران و مامۆستایان بەوریارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕەفتارانەی قوتابیان و خوێندکاران بکەن بەمەبەستی بەرگریکردن لەهەر هەوڵێکی گزیکردن، گرنگترین ئەو ڕەفتار و هەڵسوکەوتانەش بریتین لە:
١- زۆر ئاوڕدانەوە بەملاولادا و دانەنیشتن بەشێوازێکی ڕێک و جێگیرنەبوون لەسەر کورسی.
٢- فرەجوڵەیی و دەرکەوتنی نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و شپرزەیی لەسەر ڕوخسار و جەستەی قوتابی یان خوێندکاردا.
٣- چاوخستنە سەر مامۆستای چاودێر لەلایەن قوتابی یان خوێندکارەوە بەمەبەستی گەڕان بەدوای هەر دەرفەتێک کە تیایدا چاودێرەکە ڕوو بگۆڕێت بۆ لایەک یان هەر سەرقاڵییەکی بۆ دروست ببێت.
٤- بەئەنقەست زۆر بەکارهێنان و دڕاندنی تیانووس کە وەک ڕەشنووس بەکار دەهێنرێت لەلایەن ئەو قوتابی و خوێندکارانەوە تاکو لەم ڕێگەیەوە چاودێری هۆڵەکە سەرقاڵ بکەن بە لابردن و فڕێدانی ئەو تیانووسانەوە یاخود داواکردنی تیانووسی سپی لێیان، بەمەستی گۆڕینی شوێنی وەستانی چاودێران و هاتووچۆ پێکردنیان لەناو هۆڵەکەدا تاکو دەرفەتی گونجاویان بۆ دروست ببێت. یاخود بەمەبەستی دەرهێنان و بەکارهێنانی ئەو تیانووسەی کە قوتابی یان خوێندکارەکە پێشتر ئامادەی کردووە و زانیاری دەربارەی مادەکە تێدا نووسیوە.
٥- زۆر پرسیارکردن و داوای ڕوونکردنەوە لەلایەن قوتابی یان خوێندکارەکە لە مامۆستای چاودێری هۆڵ و زوو بانگکردنی چاودێرەکە بۆ بەمەبەستی قسەکردنی زیاتر لەسەر پرسیارەکان یان وەڵامەکان.
٦- زۆر داواکردنی پێداویستییەکانی تاقیکردنەوە (پێنووس، تیانووسی ڕەشنووس، لاستیک، ڕاستە و … تد) لە هاوڕێکانی دەوروبەری، تاکو لەمڕێگەیەوە چاو بخاتە سەر وەڵامەکانی هاوڕێکانی و شتێکی دەستبکەوێت.
٧- شێوازی دانیشتن بەجۆرێک قوتابی یان خوێندکارەکە هەوڵ دەدات لەپشت هاوڕێکەی بەردەمی یان ئەملاولایەوە (بەپێی شوێنی وەستانی مامۆستا چاودێرەکە) خۆی بشارێتەوە یاخود دەرنەکەوێت بەمەبەستی بەکارهێنانی هەر شتێک کە پێشتر ئامادەی کردووە، یاخود دەست خستنە ژێر چەناگە و و سەر ڕوومەتەکان، تاکو لەمڕێگەیانەوە بەدەنگێکی نزم داوای وەڵام لە هاوڕێکانی ئەملاولای بکات، کاتێکیش مامۆستای چاودێر نزیکیان دەکەوێتەوە قوتابی یان خوێندکارەکە وەها خۆی دەردەخات کە لەبەرخۆیەوە قسە دەکات و وەڵامەکان تاووتوێ دەکات.
٨- چاوگێڕان بەدیوار و سەقفی هۆڵ لەلایەن قوتابی یان خوێندکارەوە، لەکاتێکدا ئەم جوڵانەی چاو تەنها بۆ غافڵکردنی مامۆستای چاودێرە و مەبەستی سەرەکی گەڕانە بەدوای وەڵامێک یان هەر زانیاریەک دەربارەی پرسیارەکان لەلایەن هاوڕێکانیەوە.
————————
هۆکارەکانی گزیکردن، بۆچی گزیکردن ڕوودەدات؟ 
گزیکردن ڕەفتارێکی بەدەستهاتووە، واتە مرۆڤ لە ژینگەوە فێری دەبێت و بەپاڵنەری جۆراوجۆر ئەنجامی دەدات، ئەگەرچی نابێت هیچ هۆکارێک ببێتە هۆی پەنابردنی قوتابی و خوێندکار بۆ ئەم ڕەفتارە چەوتە و نابێت هیچ قوتابی و خوێندکارێک ئەو مافە بەخۆی بدات کە بەشێوازی نادروست و ناپەسەند نمرە بەدەست بهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ قوتابی و خوێندکار هۆکارە جۆراوجۆرەکان دەکەن پاساوێک بۆ گزیکردن.
زۆرێک لەو توێژینەوانەی لەمبوارەدا ئەنجامدراوە گەیشتوونەتە چەند ڕاستییەک دەربارەی دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی پەنابردنی قوتابی یان خوێندکار بۆ گزیکردن لە تاقیکردنەوەکاندا، لە هەرێمی کوردستانیش بەوردبوونەوە لە پەیوەندی نێوان قوتابی و خوێندکار لەگەڵ خێزانەکانیان و مامەڵەی هەندێ خێزان لەگەڵ جگەرگۆشەکانیاندا و ئەو ڕەوشەی لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندندا هەیە لە هەرێمی کوردستان، دەگەینە هەمان ئەو دەرئەنجامانەی کە لەمبوارەدا ئەنجامدراوە، گرنگترین هۆکارەکانی پەنابردنی قوتابی یان خوێندکار بۆ گزیکردن لە تاقیکردنەوەکاندا، ئەمانەن:
١- هۆکارەکانی تایبەت بەخێزان:
- مامەڵەکردنی خێزان لەگەڵ منداڵدا و پەیڕەکردنی شێوازی نادروست لەپرۆسەی گۆشکردنی کۆمەڵایەتیانەی تاکدا، وەکو (پەراوێزخستن، زۆر نازدان بەمنداڵ، زێدەڕۆیی لەپارێزگاری کردن، نەبەخشینی سۆز و خۆشەویستی، زێدەڕۆیی لەخۆزاڵکردن، توندوتیژی و … تد) تێکڕا ئەم شێوازە نادروستانە کار دەکەنە سەر بەدەستهێنانی منداڵ بۆ هەندێ ڕەفتاری وەک (ڕاستگۆیی، ئەمانەتپارێزی، هاوکاریکردن، بەجێهێنانی ئەرکەکان، باوەڕبەخۆبوون)، لەهەمان کاتدا ئەم شێوازە نادروستانە زەمینەخۆشکەر دەبن لە بەدەستهێنانی منداڵ بۆ (درۆ کردن، گزیکردن، خەڵەتاندن، دووڕوویی).
- گرنگترین فاکتەر لەفێربوونی منداڵ بۆ گزیکردن و پەنابردن بۆ ئەم ڕەفتارە چەوتە لەئاییندەدا بریتییە لە گزیکردنی گەورەکان (دایکان و باوکان) لەبەرچاوی منداڵدا لە مامەڵە ڕۆژانەییەکانیاندا چ لەگەڵ ئەندامانی خودی خێزانەکە، چ لەگەڵ دەوروبەردا، واتە بوونی نموونەی گزیکار لەناو خێزاندا.
- کەمتەرخەمی دایکان و باوکان لە پەروەردەکردن و ئاڕاستەکردنێکی دروستی منداڵ، بوونی ئاژاوەی بەردەوامی خێزانی، جیابوونەوەی دایکوباوک، ئامادەنەبوونی دایکان و باوکان لەناو ماڵدا بەهۆی زۆر کارکردن و خۆ سەرقاڵکردن بە کۆکردنەوەی سەرمایە و دنیای مادیاتەوە.
- ترساندن و هەڕەشەلێکردنی قوتابی و خوێندکار لەسەروبەندی تاقیکردنەوەکاندا لەلایەن خێزانەوە، زۆرجار لەکۆمەڵگەی خۆماندا دەبینین و دەبیستین کە دایکان و باوکان هەڕەشەی بەکارهێنانی توندوتیژی دەکەن ئەگەر قوتابی یان خوێندکارەکەیان نمرەی باش بەدەست نەهێنێت لە تاقیکردنەوەکاندا، یاخود ئەگەر سەرکەوتوو نەبێت. هەندێجاریش دەبینین و دەبیستین لە بەشێک لە خێزانەکان هەڕەشەی وازهێنان لەخوێندنی کچ و کوڕەکانیان دەکەن ئەگەر سەرکەوتوو نەبن، بەتایبەتی ئەم هەڕەشانە ڕووبەڕووی کچان دەکرێتەوە، هەرچۆنێک بێت ئەم هەڕەشە و ترساندنانە کاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر باری دەروونی قوتابی و خوێندکار دەکات، بەجۆرێک ئەوەندەی مێشکی جەنجاڵی ئەو هەڕەشانە دەبێت و خەم لە ئاییندەی دەخوات نیو هێندە خەریکی ئەرکەکانی ڕۆژانەی بەجێناهێنێت. هەندێجاریش لەترسی ئەوەی ڕووبەڕووی توندوتیژی نەبێتەوە لەلایەن خێزانەکەیەوە پەنا بۆ گزیکردن دەبات.
- ڕەچاونەکردنی خێزان بۆ ئەو جیاوازیە تاکیانەی لەنێوان جگەرگۆشەکانیاندا بوونی هەیە لە ڕێژەی زیرەکی و توانستە جۆراوجۆرەکانی ترەوە، بەجۆرێک هەندێجار خێزان جگەرگۆشەیەکی زیاتر لاپەسەند دەبێت پاداشتی مادی و مەعنەوی دەکات بەهۆی ئەوەی نمرەی بەرزتر دەهێنێت، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هاندەرێک کە ئەوانی دیکە پەنا بۆ گزیکردن ببەن تاکو ئەوانیش ببنە جێی ڕەزامەندی دایکان و باوکان.
- ڕەچاونەکردنی ڕەوشی قوتابی و خوێندکار و نەڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ خوێندن و خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەکان، بەتایبەتی هەندێ خێزان وێڕای ئەوەی ژینگەیەکی لەباریان نیە بەڵام بەردەوام خەریکی میوانداری و سەردانکردنن بێگوێدانە ڕەوشی قوتابی و خوێندکارەکانیان، هەروەها هەندێ خێزان کچە قوتابی و خوێندکارەکانیان ناچار دەکەن بۆ کارکردن و هاوکاریکردنی دایک بێگوێدانە ئەرک و خۆئامادەکردنەکانی کچەکانیان لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا.
زۆرێک لەو کێشە خێزانیانە و نەگرتنەبەری پەیڕەوێکی دروست لەپرۆسەی گۆشکردنی تاک لەناو خێزاندا دەبنە هۆی دروستبوونی چەندین گرفتی دەروونی و ڕەفتاری لەمنداڵدا و دواتریش لەقۆناغەکانی داهاتووی ژیانیاندا کاریگەری دەمێنێت. ئەم ڕەوشە خێزانیە نادروستانە و نەبوونی پێشەنگی دروست وەک نموونەی باڵا لەناو خێزاندا و کەمتەرخەمی یان توندڕەوی لە مامەڵەکردندا تێکڕا دەبنە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ و باوەڕنەبوون بەخود و درۆکردن و شەڕەنگێزی و پشتبەستن بەکەسانی تر و نەمانی ئارەزوو لەبەجێهێنانی ئەرکەکاندا، ئەمانەش تێکڕا هاندەرن بۆ پەنابردنە بەر گزیکردن.
٢- هۆکارەکانی تایبەت بە قوتابخانە و سستمی خوێندن:
زیاد لە هۆکارێک هەیە کە وا لە قوتابی و خوێندکار دەکات پەنا بۆ گزیکردن ببات و سەرچاوەکانیشیان قوتابخانە و سستمی خوێندنە، لێرەدا بەکورتی ئاماژە بۆ گرنگترینیان دەکەین:
- لە سستمی خوێندن لە وڵاتی ئێمەدا بایەخێکی زێدەڕۆ دراوە بە مەسەلەی تاقیکردنەوەکان و بەجۆرێک قورس و گەورە کراوە لەلای قوتابی و خوێندکار کە لەگەڵ بیستنی ناوەکەی یان نزیکبوونەوەی کاتەکەی بەجۆرێک لەجۆرەکان قوتابیان و خوێندکاران دووچاری شڵەژانی دەروونی دەبن چونکە دواجار بەپێی سستمەکە قوتابیان و خوێندکاران هەرچەندە لەئاستی تێگەیشتن و زیرەکی بەرزیشدا بن تەنها و تەنها بەپێی نمرەی بەدەستهاتوو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت لەلایەن قوتابخانە و مامۆستاکانی و خێزانەکەشیەوە.
- هەندێجار پرسیاری تاقیکردنەوەکان لەئاستی پێویستدا نیە و زۆر بەقورسی دەهێندرێتەوە. – کاتێک تاقیکردنەوەکان یەک لەدوای یەک دەبن و کاتێکی لەبار بۆ قوتابی و خوێندکار نەمێنێتەوە تاکو خۆی ئامادە بکات، واتە ڕەچاو نەکردنی دابەشکردنی کات لەخشتەی تاقیکردنەوەکاندا لەنێوان تاقیکردنەوەیەک و ئەوانی تردا.
- هێنانەوەی پرسیار بەهەڵە کە قوتابی و خوێندکار دووچاری دڵەڕاوکێی گەورە دەکات چونکە هەرچی هەوڵدەدات ناگاتە هیچ وەڵامێکی دروست لەبەرئەوەی لەبنەڕەتدا پرسیارەکە بەهەڵە دانراوە لەلایەن مامۆستاوە یاخود لیژنەوە.
- هەڕەشەکردنی هەندێ مامۆستا بەوەی پرسیاری قورس دەهێنێتەوە لە تاقیکردنەوەکاندا و ژمارەیەکی کەم لە قوتابی و خوێندکار دەتوانن سەرکەوتووبن لە وانەکەیدا، ئەم مامەڵە نادروستانە قوتابیان و خوێندکاران دەشڵەژێنێت و هەندێجار هاندەرێک دەبێت بۆ ئەوەی قوتابی و خوێندکار پەنا بۆ گزیکردن ببات.
- زۆری ژمارەی قوتابی و خوێندکار لەهۆڵی تاقیکردنەوەکاندا.
- کەمی چاودێران لەهۆڵی تاقیکردنەوەکاندا.
- دەرچوونی هەندێ بڕیار یان ڕێنمایی بەکتوپڕی و لەکاتی نزیک تاقیکردنەوەکاندا لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە کە دەبنە مایەی شڵەژانی قوتابیان و خوێندکاران.
- خراپی شێوازی وانەوتنەوەی هەندێ مامۆستا، کە قوتابی و خوێندکار هەستدەکات هیچ تێناگات لە مامۆستاکەی و خۆی بەناچار دەزانێت پەنا بۆ گزیکردن ببات.
- چاوپۆشی کردنی دەستەی کارگێڕی قوتابخانە و خوێندنگە لە سزادانی ئەو قوتابی و خوێندکارانەی گزییان کردووە.
- ئاسانکاری و نەرمی نواندن لەلایەن چاودێرانەوە بۆ قوتابیان و خوێندکاران لەهەوڵەکانیان بۆ گزیکردن.
- پەنابردنی هەندێ مامۆستا بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوە وەک سزایەکی بەکۆمەڵ بۆ پۆلێکی دیاریکراو.
- بەکارهێنانی توندوتیژی جەستەیی یان دەروونی لەلایەن مامۆستایان و دەستەی کارگێڕییەوە.
بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتانە پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت:
١- مامۆستایان ئاشنابکرێن بەشێوازی وانەوتنەوەی سەردەمیانە تاکو مادەکان بەشێوازێکی شایستە و گونجاو بە قوتابیان و خوێندکاران بگەن.
٢- ئاشناکردنی مامۆستایان بە شێوازە گونجاوەکانی پرسیار دانان بۆ تاقیکردنەوەکان،
٣- مامۆستایان دووربکەونەوە لەهەر هەڕەشەکردنێک بەوەی پرسیاری قورس دەهێننەوە یاخود ژمارەیەکی کەم سەرکەوتوو دەبن لە وانەکەیدا.
٤- دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ قوتابیان و خوێندکاران لەسەرووبەندی نزیکبوونەوەی تاقیکردنەوەکاندا.
٥- هۆشیارکردنەوە مامۆستایان و چاودێران لەهەر نەرمی نواندنێک بەرامبەر هەوڵەکانی گزیکردنی قوتابیان و خوێندکاران، سزادانی سەرپێچیکاران لەکاتی بوونی بەڵگەی پێویستدا.
٦- بەر لەچاپکردنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە لەلایەن مامۆستایان و گارگێڕی قوتابخانەوە پێویستە وردبینی تەواو بۆ پرسیارەکان بکرێت تاکو ڕێگری بکرێت لەهەر هەڵەیەک کە مامۆستاکە یاخود لیژنەکە تێیکەوتبن، چونکە ئەمە بەنەرێنی کار دەکاتە سەر باری دەروونی قوتابیان و خوێندکاران و تێڕوانینی ئەوانیش نزم دەکاتەوە بۆ توانای مامۆستاکانیان.
٧- ڕەچاوکردنی دابەشکردنێکی گونجاو بۆ کورسیەکانی قوتابیان و خوێندکاران.
٨- دوورکەوتنەوەی مامۆستایان لەوەی کە نابێت ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بکەن بە ئامڕازێک بۆ سزادانی قوتابیان و خوێندکاران.
٩- دانانی چاودێری پێویست لەناو هۆڵی تاقیکردنەوەکاندا.
١٠- پێدانی کاتی گونجاو لەنێوان ڕۆژی تاقیکردنەوەکاندا و ڕەچاوکردنی ڕای قوتابیان و خوێندکاران لەسەر دانانی خشتەی تاقیکردنەوەکان.
١١- چاوپۆشی نەکردن و کەمتەرخەمی نەکردنی مامۆستایان و دەستەی کارگێڕی قوتابخانە و خوێندنگە لەجێبەجێکردنی ئەو سزایانەی کە بەسەر قوتابی و خوێندکاری گزیکاردا دەدرێت لەکاتی بوونی بەڵگەی تەواو و لەچوارچێوەی ئەو ڕێنماییانەی کە وەزارەتی پەروەردە دایناوە، بەداخەوە هەندێجار دەبینین و دەبیستین کە دەستەی کارگێڕی قوتابخانە و خوێندنگەکان شێوازی نادروست دەگرنەبەر لەکاتی ئاشکرابوونی گزیکردن قوتابیەک یان خوێندکارێک، بەجۆرێک شکۆی مرۆڤە دەشکێنن و سوکایەتی پێدەکەن و کاری نەشیاوی بەرامبەر دەکەن، بۆیە دەستەی کارگێڕی قوتابخانە و خوێندنگە بەهیچ جۆرێک نابێت ڕێگە بەخۆیان بدەن بەدەر لەڕێنماییەکان هیچ ڕێوشوێنێکی دیکە بگرنەبەر.
١٢- دوورکەوتنەوەی مامۆستایان و دەستەی کارگێڕی لەهەر جۆرێکی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی.
١٣- هەموو بڕیار و ڕێنماییەک لەلایەن دامودەزگا پەروەردەییەکانەوە دەردەچێت دەبێت لەسەرەتای ساڵی خوێندنەوە دەربچێت و بەشێوازێکی ڕوون و ئاشکرا قوتابیان و خوێندکارانی لێئاگادار بکرێتەوە، نەک لە ناوەڕاستی ساڵ یان پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ.
٣- هۆکارەکانی تایبەت بە قوتابی و خوێندکار:
هەندێجار ئەگەر ژینگەی خێزانی و ژینگە پەروەردەییەکەی قوتابخانەش ژینگەیەکی دروستبن، بەڵام هەندێ قوتابی و خوێندکار خۆیان بەدروستی کار لەسەر خۆیان ناکەن و مەسەلەی خوێندن بەمەسەلەیەکی لاوەکی دەزانن و بەئانقەست کەمتەرخەمی دەکەن لەبەجێهێنانی ئەرکەکانی سەرشانیاندا، گرنگترین هۆکارەکانی تایبەت بەخودی قوتابی یان خوێندکار لەمبوارەدا ئەمانەن:
- ئەنجامدانی گزیکردن وەک حەزێکی سەرکێشیکارانە بەتایبەتی لەقۆناغی هەرزەکاریدا.
- کاریگەربوون بەو هاوڕێیانەی گزی دەکەن لەتاقیکردنەوەکاندا، حەزی لاسایی کردنەوە.
- زۆر خۆخەریک کردنی قوتابی و خوێندکار بەبەکارهێنانی ئینتەرنێت و مۆبایل و پلەی ستەیشن و … تد، ئەمانە تێکڕا کاتی قوتابی و خوێندکار کەمدەکەنەوە بۆ خوێندن و خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەکان.
- کەمبوونەوە یان نەمانی پاڵنەرێتی بۆ خوێندن بەهۆی کاریگەربوون بەو قسەوقسەڵۆکانەی کە دەڵێن ئەوانەی خوێندن تەواو دەکەن ئاییندەیان ڕووناک نابێت، یان دانامەزرێن، یان مووچە ژیانی مرۆڤ دابین ناکات.
- جۆری کەسێتی قوتابی و خوێندکار، هەمیشە ئەو قوتابیانەی بەبەردەوامی دڵەڕاوکێیان هەیە یاخود کەسێتییەکی سایکۆباتییان هەیە زیاتر پەنا بۆ ئەنجامدانی گزیکردن دەبەن لەتاقیکردنەوەکاندا.
- پەنابردنی قوتابی و خوێندکار بۆ گزیکردن وەک تۆڵەکردنەوە لە خێزان، بەهۆی ئەو فشارە دەروونییەی لەسەر قوتابی یان خوێندکارەکەیان دروستکردووە، لەمبارانەدا بەشێک لەخێزانەکان زێدەڕۆیی دەکەن کە جگەرگۆشەکانیان زیاد لەتوانای خۆیان بخوێنن و کۆشش بکەن، یاخود تۆڵەکردنەوە لە مامۆستایەکی دیاریکراو لەبەرئەوەی توندوتیژی بەرامبەر قوتابی یان خوێندکارەکە ئەنجامداوە.
- تێکەڵاوبوونی هاوڕێی خراپ کە کاریگەری دروستدەکەن لەسەر قوتابی یان خوێندکار و دووری دەخەنەوە لەبەجێهێنانی ئەرکەکانی سەرشانی بەرامبەر خوێندن و خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەکان.
- بوونی کێشەی سۆزداری قوڵ یان کێشەیەکی تایبەتی لەژیانی قوتابی یان خوێندکار بەجۆرێک تەرکیزی کەمدەبێتەوە و ئاگای لە وانەکان نامێنێت و وەکو پێویست توانای خۆئامادەکردنی نابێت بۆ تاقیکردنەوەکان.
- ئاشنانەبوونی قوتابی یان خوێندکار بەشێوازەکانی کۆششکردن و چۆنێتی خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەکان و چۆنێتی دابەشکردنی کات.
- بێئاگابوونی قوتابی یان خوێندکار لەجۆری ئەو سزایانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە لەئەنجامی گزیکردندا.
——————
کاریگەرییەکانی گزی لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن:
١- بوون و ئەنجامدانی گزیکردن لە تاقیکردنەوەکاندا وا دەکات کە وێنەیەکی ناڕاستەقینەمان دەستبکەوێت لەسەر ئەنجامەکان، ئەمەش کار لەسەر پرۆسەی هەڵسەنگاندن دەکات و لەو ئامانجە پەروەردەییانە دوورمان دەخاتەوە کە لەبنەڕەتدا پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن کاریان لەسەر دەکات.
٢- ئەنجامدانی گزیکردن کارێکی نەرێنی دەکاتە سەر ئەو قوتابی و خوێندکارانەی ئەنجامی دەدەن، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی بەردەوامبن لەسەر بەجێنەهێنانی ئەرکەکانی سەرشانیان و درێژەدان بە سستی لەفێربوونیاندا و ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر دوادەکەون لە خوێندن.
٣- ئەنجامدانی گزیکردن کارێکی نەرێنی دەکاتە سەر ئەو قوتابی و خوێندکارانەی پشت بەخۆیان دەبەستن و بەردەوام هەوڵ و کۆشش دەدەن بۆ بەدەستهێنانی نمرەی بەرز و سەرکەوتن لەبواری خوێندندا، چونکە هەستدەکەن بەهۆی ئەنجامدانی گزیکردنەوە لەلایەن ئەوانی دیکەوە جۆرێک لە نادادپەروەری دێتە ئاراوە لەپرۆسەی هەڵسەنگاندنی مامۆستایان بۆ قوتابی و خوێندکاران.
٤- ئەو قوتابی و خوێندکارانەی دەتوانن بەگزیکردن زۆرێک لە ساڵەکانی خوێندنیان بەڕێبکەن دواجار کە خوێندن تەواو دەکەن لەڕووی توانای زانستی و کارامەییەوە کەمتوانا دەبن، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو بوارانە دروستدەکات کە لەئاییندەدا کاری تێدادەکەن و کۆمەڵگەش زیانمەند دەبێت لەدەستیان.