دوا بڵاوكراوه‌

لەپێناو پێگەیەکی شایستەتر بە توێژەران لەناو ناوەندەکانی خوێندندا – دەروونناس: سامان سیوەیلی

له‌لایه‌نmhamad



 دەروونناس: سامان سیوەیلی 
بێگومان وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو وەزارەتانەی قورساییەکی زۆری لەسەر بودژەی حکومەت دروستکردووە، هەر لە دامەزراندنی دەیان هەزار مامۆستا و دروسکردنی هەزارەها بینای قوتابخانە و خوێندنگە و دامەزراندنی هەزارەها فەرمانبەر و توێژەر، کڕینی سەدان ئۆتۆمبێل و دابینکردنی هەموو ئەو پێداویستییەکانی ناوەندێکی خوێندن پێویستییەتی، ساڵانە چاپکردنی سەدان هەزار کتێب بە ڕەنگی و کوالێتی باش، لەبەرامبەر هەموو ئەمانەدا سوپایەکی زۆر و زەوەند لە قوتابیان و خوێندکاران لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندندا دەخوێنن و فێردەکرێن کە ژمارەیان لە سێیەکی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نزیک دەبێتەوە، بەڵام دواجار و دوای ئەو هەموو خەرجییە زۆر و زەوەندەی حکومەت لەسەر ناوەندەکانی خوێندن دەیکات هەمووان چاوەڕوانی بەرهەم دەکەین کە مەبەست لێی ڕێژەی دەرچوون و ئاستی دەرچووانی قۆناغی دوانزەی ئامادەییە بەڵام مەخابن هەموو ساڵێک ڕێژەی دەرچوون و ئاستی بەدەستهاتوو ڕێژەیەکی زۆر کەمە، بێگومان هۆکاری سەرەکی پشتی ئەم حاڵەتە لەوەدایە کە نابێت هەموو قوتابییەک قۆناغی (٩) تەواو دەکات بچێتە قۆناغی ئامادەیی، بەڵکو پێویستە فلتەرێک هەبێت تەنها ئەو قوتابیانە بچنە قۆناغی ئامادەیی کە ئاستی نمرەکانیان بەرزە، ئەوانی تر دەکرێت لەچوارچێوەی ئاکادیمیای پیشەیی جۆراوجۆردا درێژە بەخوێندن بدەن، لەمڕێگەیەشەوە ساڵانە سەدان کادری ناوەندی دەست ڕەنگین پێشکەش بە کۆمەڵگە و کەرتی تایبەت دەکرێت، لەبەرامبەریشدا ئەوەندە خەڵکی چاوەڕوانی دامەزراندن ناکەن و ئەوەندەش بارگرانی لەسەر بودژەی حکومەت دروست نابێت. بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لەجیاتی گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی لەمجۆرە هاتووە ڕێگەی بە کردنەوەی دەیان زانکۆی ئەهلی لە شار و شارۆچکەکاندا داوە کە تیایدا ئەو قوتابی و خوێندکارانەی چانسی وەرگرتنیان لەزانکۆ حکومیەکاندا نەبووە بەنمرەیەکی نزمەوە لەو زانکۆیانە وەربگیرێن، ئەمەش کارێکی وایکردووە کە لەئێستادا دەتوانین بە کۆمەڵگەی کوردستان بڵێین (کۆمەڵگەی بڕوانامەکان) کە لەزۆرینەی خێزانەکاندا چەند ئەندامێک خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و هەندێکیان ماستەر و کەمێکیشیان دکتۆران، بەڵام لەبەرامبەر ئەم هەموو خاوەن بڕوانامەیەدا کورد خاوەنی چەند توێژینەوەیەکی زانستی نییە، داهێنانێک نیە، سەرچاوەی کوردی بۆ زۆرێک لە پسپۆریەکان هەر بوونی نیە.
ئەوانەشی کە دەردەچن دەچنە زانکۆ و پەیمانگەکان جارێکی تر حکومەت لەڕێی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە هەمان ئەو خەرجیە زۆرە خەرجدەکات و ساڵانە سوپایەک لە خوێندکارانی زانکۆ دەردەچن و هەموو چاوەڕوانی دامەزراندن، ئەم حاڵەتە نەرێنییەش وایکردووە کە کۆمەڵگەی کوردی ڕوو لەئەوەیە کە کۆمەڵگەیەکی مووچەخۆر و دەست سپی لێدەربچێت، ئەوەی مایەی نیگەرانیشە بەشی هەرە زۆری دەرچووانی زانکۆکان کەمترین شارەزاییان هەیە لەبواری ئەو پسپۆرییەی کە چوار ساڵ لەزانکۆدا خوێندوویانە، هەندێکیشیان بەهۆی ئەوەی سستمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان کۆلیژ و بەشیان بۆ دادەنێن بەپێی نمرەکانیان بەمهۆیەوە هیچ خۆشەویستییەکیان بۆ ئەو پسپۆریانە نیە کە تەواوی دەکەن ئەمەش دەردێکی تری کۆمەڵگەی ئێمەیە.
با لەتەوەری مەبەست دوور نەکەوینەوە، ڕەنگە هەموومان کۆکبین لەسەر ئەوەی سستمی خوێندن لە هەرێمی کوردستان تەنها فێرکردنە و پەروەردەکردن نائامادەییەک زۆری هەیە لەم پرۆسەیەدا، ئێمە لەڕێی پرۆگرامەکانی (ماتماتیک، فیزیا، کیمیا، بایۆلۆجی، جیۆلۆجی، مێژووی، جوگرافیا و … تد) مێشکی قوتابی و خوێندکارەکانمان جەنجاڵ کردووە بێئەوەی گرنگی بەلایەنی دەروونی و هەڵسوکەت و بیرکردنەوە و پەرەپێدانی توانا جۆراوجۆرەکانی قوتابیان و خوێندکاران بدەین، بێئەوەی فێری هونەری دیالۆگکردنیان بکەین، بێئەوەی هیچ بەرچاوڕوونییەکیان پێببەخشین بۆ ژیان، بێئەوەی بەشێوەیەکی دروست ئاڕاستەیان بکەین. پرۆسەی خوێندن لە وڵاتی ئێمەدا بریتییە لە هەوڵدان بۆ دەرچوون و بڕینی ئەزموونەکان و بەدەستهێنانی نمرە، ئادەی چ خوێندکارێک پاش تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن تەنها یەک زانیاری بچوکی هەموو پرۆگرامەکانی بیرئەمێنێت؟ ئادەی زۆرێک لەو پرۆگرامانە لەچ بوارێکی ژیانی ڕۆژانەدا کەڵکی لێدەبینرێت؟ ئایا ئێمەی کورد خاوەن فەلسەفەیەکی پەروەردەیین؟.
ئینجا با بێینە سەر تەوەری مەبەست، بەر لەهەموو شتێک گرنگە هەڵوەستەیەک لەسەر وشەی توێژەر بکەین کە بە کار و پیشەی دەرچووانی بەشی دەروونناسی و کۆمەڵناسییەوە نوسێنراوە بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لە ناوەندەکانی خوێندندا دامەزراون. لە ئەدەبیاتی وەزارەتی پەروەردەدا بە دەرچووی دەروونناسی دەوترێت (ڕابەری پەروەردەیی) و بە دەرچووی کۆمەڵناسی دەوترێت (توێژەری کۆمەڵایەتی)، وە زۆر جار مامۆستایان و بەڕێوەبەران و تەنانەت بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی پەروەردەش جیاوازی لەنێوان دەرچووانی ئەو دوو بەشەدا ناکەن، لەڕاستیدا جیاوازیەکی گەورە هەیە لەنێوان ئەو دوو پسپۆریەدا (دەروونناسی) و (کۆمەڵناسی)، ئەگەرچی خاڵی هاوبەش و نزیکیشیان هەیە، بەڵام دواجار حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمان ئەرک بەهەردووکیان دەسپێرێت لەناو ناوەندەکانی خوێندندا. لەگەڵ ئەمەشدا زاراوەی (توێژەر) زاراوەی زاڵی سەر زار و نووسراوەکانی ناوەندەکانی خوێندن و دامەزراوە پەروەردەییەکانە.
لەڕووی زاراوەوە توێژەر بە کەسێک دەوترێت کە کاری (توێژینەوە) ئەنجامبدات، بەڵام لەناوەندەکانی خوێندندا ئەم توێژەرانە توێژینەوە ئەنجام نادەن و ئەو ئەرکانەی پێیان دەسپێردرێت زۆر دوورە لە ئەرکی توێژینەوە، کەواتە دەبێت بەر لە هەموو شتێک زاراوەی بەکارهاتوو ڕاست بکەینەوە لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئەرکانەی پێیان دەسپێردرێت، بە وردبوونەوە لە کار و ئەرکی توێژەران لە ناوەندەکانی خوێندندا دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە کاری توێژەران لەناوەندەکانی خوێندنە بریتییە لە (ڕێنماییکردن) نەک (توێژینەوە)، ئەمەش ئەو ئامانجەیە کە هەموومان لەسەر کۆکین و حکومەتیش لەپێناو (ڕێنماییکردن)دا دەرچووانی ئەو دوو بەشە لەناوەندەکانی خوێندندا دادەمەزرێنێت نەک لەپێناوی ئەنجامدانی (توێژینەوە)دا. کەواتە پێویستە لەجیاتی زاراوەی (توێژەر) زاراواەی (ڕێنماییکار) بەکاربهێنین.
ئەو ئەرکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تایبەتتر وەزارەتی پەروەردە بە دەرچووانی ئەو دوو بەشەی دەسپێرێت لە ناوەندەکانی خوێندندا تاڕادەیەکی زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو پرۆگرامانەی دەرچووانی ئەو دوو بەشە لە قۆناغەکانی زانکۆدا خوێندوویانە بەتایبەتی (دەرچووانی کۆمەڵناسی)، بەهەمان شێوەش دەرچووانی بەشی دەروونناسیش لەو چوار ساڵەدا وەک پێویست ئامادە ناکرێن بۆ ئەو کارەی دوای دەرچوونیان لەزانکۆ لەناوەندەکانی خوێندندا حکومەت پێیان دەسپێرێت. هەر بۆیە لەپاش دامەزراندن و دەستبەکاربوونی ئەوان لەناوەندەکانی خوێندندا دووچاری گرفتێکی زۆر دەبن و زانیاریەکی ئەوتۆیان نییە دەربارەی کاری (ڕێنماییکردن)، ئەمەش کاریگەری دروستکردووە لەسەر بۆچوون و هەڵسەنگاندنی بەشێکی بەرچاو لە مامۆستایان و بەڕێوەبەران و بەرپرسانی بواری پەروەردە بەرامبەر ڕێنماییکاران و بەگرنگزانینی هەبوونیان لەناوەندەکانی خوێندندا، تەنانەت هەندێجار بۆچوونی قوتابیان و خوێندکارانیش نەرێنییە لەسەر خودی ڕێنماییکاران، ئەمە لەکاتێکدا هەندێ ڕێنماییکاری چالاک و بەتواناش هەر لە ساتە وەختی دامەزراندنیانەوە بەرچاو دەکەون کە دەبنە جێی متمانەی خوێندکاران و کەسوکاریان و مامۆستایان و بەڕێوەبەران. دیارە چ ئەو ڕێنماییکارانەی کە توانایان کەمە و بەرەوپێش ناچن و چ ئەوانەی چالاک و بەتوانان هەردووکیان دەرچووی هەمان کۆلیژ و هەمان بەشن یان ڕەنگە جیاوازی نێوان بەشەکانیان بێت (دەروونناسی و کۆمەڵناسی)، بەڵام بەبۆچوونی من هۆکاری ئەو جیاوازیانە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی چەند فاکتەرێک، لەوانە:
1. نەبوونی ئارەزوو بۆ پیشەی ڕێنماییکردن، واتە ڕێنماییکارەکە بە ویستی خۆی نەچۆتە بەشی دەروونناسی یان کۆمەڵناسی، کاتێک لە قۆناغی دوانزە دەرچووە، بەڵکو نمرەکەی بەڕێکەوت لەو بەشە وەرگیراوە.
2. خۆپەروەردەنەکردن و نەخوێندنەوەی سەرچاوە زانستییە جۆراوجۆرەکان لەبواری ڕێنماییکاردن و دەروونی و کۆمەڵایەتیدا، بەدوادانەچوون بۆ ئەو ئاریشە و گرفتانەی ڕۆژانە ڕێنماییکار ڕووبەڕووی دەبێتەوە لەناوەندەکانی خوێندن، ڕاوێژنەکردن بە کەسانی پسپۆری بەئەزموونتر لەو بوارەدا. بەدەستەواژەیەکی تر بڵێین بەتەنها پشتبەستن بەو زانیاریە گشتییانەی لە قۆناغەکانی زانکۆدا خوێندراوە، ئەمەش وادەکات هەمیشە ئەرکەکان بەقورسی لێیبڕوانرێت و ڕێنماییکار هەست بەکەمتوانایی خۆی بکات بەرامبەر ئەو ئەرکەی بۆی دیاریکراوە.
3. بوونی تەمومژ سەبارەت بە ئەرکەکانی ڕێنماییکاران لەناوەندەکانی خوێندندا، هەتا ئێستاش بەشێکی بەرچاو لە بەڕێوەبەران و یاریدەدەران وەک پێویست تێگەیشتنیان بۆ ئەرکەکانیان نییە و هەندێکیشیان بەهەڵە لە ئەرکی توێژەر تێدەگەن و بەشێکیان بوونی توێژەر بە هەڕەشە لەسەر دەسەڵاتی خۆیان دەزانن و لەناو ئەمانشدا هەیە کە دژایەتی بەرچاوی توێژەران دەکەن و ڕێگریش دەروستدەکەن لەسەر ڕێی کارکردنیاندا.
4. کەڵک وەرنەگرتن لەو پرۆگرامانەی کە لە قۆناغەکانی زانکۆدا خوێندراوە بۆ ئەو ئەرکانەی بە ڕێنماییکاران سپێردراوە، کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا جۆرێک لە ساردبوونەوە دروستدەکات.
بۆ ئەوەی ڕێنماییکاران ببنە خاوەن پێگەی شایستەی خۆیان لەناو پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا، بۆ ئەوەی چیتر وەک میوان یان سەربار یان زیادە لێیان نەڕوانرێت لەناو ناوەندەکانی خوێندندا، بۆ ئەوەی ئەو ئامانجانە بهێنینە دی کە لەپێناویدا ڕێنماییکاران دادەمەزرێن، بۆ ئەوەی چیتر ناوەندەکانی خوێندن تەنها ناوەندی فێرکردن نەبێت بەڵکو هاوتەریب ناوەندی پەروەردەکردنیش بێت، بۆ ئەوەی چالاکانەتر و باشتر ڕووبەڕووی ئەو هەموو کێشە و گرفتانە ببینەوە کە قوتابیان و خوێندکارانمان لەناوەندەکانی خوێندندا هەیانە، وەک (کێشەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە تەکنۆلۆژیەکان، کێشە سۆزداریەکان، لادانە سێکسییەکان، نەخۆشییە دەروونیەکان، کێشە خێزانییەکانی قوتابی و خوێندکار، پەنابردنی خوێندکاران بۆ جگەرە و نێرگەلە کێشان، دڵەڕاوکێی تاقیکردنەوەکان، فشارە دەروونیەکان، توندوتیژی، بەڕێوەبردنی کات و …. تد)، پێویستە بەخێرایی کار بۆ بەجێهێنانی ئەم هەنگاوانە بکەین:
١- کردنەوەی کۆلیژێک لە زانکۆکانی کوردستان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، بەناوی (کۆلیژی ڕێنمایی – کلیة الارشاد)، ئەم کۆلیژە چەندین بەش لەخۆ بگرێت وەک بەشەکانی (ڕێنمایی باخچەی ساوان)، (ڕێنمایی قوتابخانە – دەرچووانی ئەم بەشە لەو قوتابخانانەدا کار بکەن کە قۆناغی ١ – ٩ ی تێدایە)، (ڕێنمایی خوێندنگە – دەرچووانی ئەم بەشە لەو خوێندنگانە کار بکەن کە قۆناغەکانی ١٠ – ١٢ ی تێدایە)، (ڕێنمایی پەیمانگە و زانکۆکان، دەرچووانی ئەم بەشە لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا کار بکەن کە بەداخەوە هەتا ئێستا ئەو دوو ناوەندە گرنگە ڕێنماییکاریان نییە)، (ڕێنمایی خێزان، دەرچووانی ئەم بەشە لە دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و داد کار بکەن)، (ڕێنمایی دەروونی، لە نەخۆشخانە و سەنتەر و کلینیکیە دەروونییەکاندا کار بکەن)، (ڕێنمایی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان لە دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەو قوتابخانانەی سەر بەوەزارەتی پەروەردە کە خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانی تێدایە کار بکەن).
بەبۆچوونی من ئەم هەنگاوە چاکسازی کردنێکی بنەڕەتیانەیە و هەتا ئەم هەنگاوە نەنێین ناتوانین ڕێنماییکاری بەتوانا پێشکەش بەناوەندەکانی خوێندن و دامودەزگاکانی تر بکەین.
٢- گۆڕینی ناوی (توێژەر) بە (ڕێنماییکار).
٣- ئەگەرچی ساڵانە بەهەوڵی یەکەی سەرپەرشتیاری توێژەرانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و کۆمەڵەی کۆمەڵناسان و دەروونناسانی کوردستان، چەندین ڕێنمایی و ڕاسپاردە لەلایەن دامودەزگا پەروەردەییەکانەوە دەرکراوە تایبەت بە دیاریکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکانی ڕێنماییکاران لەناوەندەکانی خوێندندا، بەڵام هەتاکو ئێستا بەشێک لە ڕێنماییکاران خۆیشیان سنوری کارکردنی خۆیان نازانن و بەشێکی بەرچاویش لە بەڕێوەبەران و یاریدەدەران و مامۆستایان ئەو ڕێنمایی و ڕاسپاردانە بەهەند وەرناگرن و کاری پێناکەن و هەندێکیشیان بەهیچ جۆرێک ئاگاداری نین. بۆیە بۆ ئەم مەبەستە پێویستە وەزارەتی پەروەردە لە کۆنگرەی پەروەردەیی داهاتوودا کە بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا ببەسترێت کار لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانکاری گەورە بکات لەبواری کار و ئەرکی ڕێنماییکاراندا، لەوانەش:
١-٣: ئامادەکردنی پرۆگرامی تایبەت بە ڕێنماییکردن بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێندن بەلەبەرچاوگرتنی قۆناغەکانی تەمەن، ئەم پرۆگرامانەش لەلایەن کەسانی پسپۆر و بەئەزموونەوە دابنرێت، بەمهۆیەشەوە دەبێت بەشەوانە بۆ ڕێنماییکاران دابنرێت هاوشێوەی هەموو مادە و پرۆگرامەکانی تری خوێندن. بەمەش جگە لەوەی ڕێنماییکاران دەتوانن پەیامەکانیان ڕاستەوخۆ بگەیەنن بە قوتابیان و خوێندکاران، لەهەمان کاتیشدا دەبێتە هۆی نزیکبوونەوەی زیاتری ڕێنماییکار لە قوتابیان و خوێندکاران و زیاتر بەئاگابوون لە کێشە و گرفتەکانیان. بۆچی خوێندکارێکی کورد لە هەفتەیەکدا شەش بەشەوانە مادەی ماتماتیک بخوێنێت بەڵام بەشەوانەیەک نەخوێنێت کە بەرچاوڕوونی بداتێ بۆ ژیان و ئەو گۆڕانکارییە گەوارەنەی لە کەسێتی و جەستە و باری دەروونی و سۆزداری و کۆمەڵایتییدا ڕوودەدەن، بۆ ئەو کێشە و گرفت و فشارە دەروونیانەی لەدەستیان دەناڵێنێت، بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو بۆچوونە نادروستانەی هەیەتی، بۆ دەستەبەرداربوونی ئەو خوو و نەریت و ڕەفتارانەی بەرەو پەشێوی دەبەن.
٢-٣: پێویستە لە هەموو ناوەندێکی خوێندندا ڕێنماییکار بوونی هەبێت و بەپێی ژمارەی قوتابیان و خوێندکاران ژمارەی ڕێنماییکاران دیاری بکرێت، ئەو کاتە ڕێنماییکار دوای تەواوکردنی قۆناغی زانکۆ بێکار نابێت.
٣-٣: پێویستە لەناو هەموو ناوەندێکی خوێندندا ژووری تایبەت بە ڕێنماییکار هەبێت تاکو قوتابیان و خوێندکاران ئازادانە بتوانن پەیوەندی بە ڕێنماییکارانەوە بکەن لەکاتی بوونی هەر کێشە و گرفتێکی تایبەتی خۆیاندا.
٤-٣: پێویستە ڕێنماییکاران لە هەموو کۆبوونەوەیەکی مامۆستایان و دەستەی کارگێڕی قوتابخانە و خوێندنگەدا ئامادەبن تاکو زیاتر بەئاگابن لە ئاریشەکانی ناو قوتابخانە، هەروەها پێویستە مامۆستایانی بەڕێز پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ ڕێنماییکاران و لەهەر کێشە و گرفتێکی قوتابیان و خوێندکاران کە ئەوان لێی ئاگادارن، ڕێنماییکاران ئاگادار بکەنەوە.
٥-٣: پێویستە کارگێڕی قوتابخانە و مامۆستایان هاوکاری ڕێنماییکاران بن لە سازدانی چالاکی جۆراوجۆردا بەتایبەتی سازدانی سیمینار بۆ پسپۆریە جیاجیاکان کە پەیوەست بێت بە ژیان و تەندروستی و دەرووندروستی و ئاستی ڕۆشنبیری و کێشە و گرفتەکانی خوێندکارانەوە. هەروەها بۆ هەندێ چالاکی دەرەوەی قوتابخانە وەک سازکردنی گەشتی زانستی یان گەشتی تەرفیهی.
٦-٣: پێویستە لیژنەی تایبەت هەبێت لەناو قوتابخانە و خوێندنگەدا بەبەشداری بەڕێوەبەری قوتابخانە و ڕێنماییکار و دوو یان سێ مامۆستا، تاکو لەکاتی ڕوودانی هەر کێشەیەک لەنێوان مامۆستایان و خوێندکاراندا لەڕێی ئەو لیژنەیەوە تاووتوێی گرفتەکە بکرێت و بڕیار و ڕاسپاردەی گونجاو دەربکرێت.
٧-٣: نابێت بەڕێوەبەر و یاریدەدەران هیچ کار و ئەرکێک بە ڕێنماییکار بسپێرن وەک هەندێ ئیشوکار کە فەرمانبەران ڕایدەپەڕێنن یان هەر ئیشوکارێکی تری کە دوور بێت لەبواری پسپۆری ڕێنماییکارانەوە، جگە لەو کارانەی کە بەهەرەوەزی دەکرێن لەپێناو باشترکردنی ڕەوشی قوتابخانە و خوێندنگەکان.
٤- گرنگیدان بە یەکەی سەرپەرشتیاریی ڕێنماییکاران و زیاتر کاراکردنی بەمەبەستی هەڵسەنگاندن بۆ کار و چالاکییەکانیانی ڕێنماییکاران و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانیان.
٥- داهێنانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی لەناو وەزارەتی پەروەردەدا بەناوی (بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ڕێنماییکاران)، ئەم بەڕێوەبەرایەتییە پێویستە بەش یان هۆبەی هەبێت لەناو هەموو بەڕێوەبەرایەتیەکانی پەروەردە لەناو مەڵبەندی پارێزگا و قەزاکانیشدا، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ کاروباری توێژەران و دامەزراندن و ڕێکخستنی میلاکات و کاروباری موچە و دەرماڵە، گواستنەوە، مۆڵەت و ڕێوشوێنە کارگێڕیەکانی دیکە… تد.
٦- ئاڕاستەکردنی سوپاس و پێزانینی نووسراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگاکان بەشێوەی ساڵانە بۆ ئەو ڕێنماییکارانەی لەناوەندەکانی خوێندندا ئەرکەکانیان بەباشی ڕاپەڕاندووە و چالاکی سەرباریان ئەنجامداوە لەسەروو ئەرکەکانی خۆیانەوە.

وه‌رگیراوه‌ له‌ماڵپه‌ری ده‌روونناسی